ئه‌شکه‌نجه‌ی گیراوان له ئێران‌دا به‌رده‌وامه ره‌شید حه‌یده‌ری 28ی ئاوریلی 2005 |
رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ له هه‌واڵێکدا له‌ژێر سه‌ردێڕی "ئه‌شکه‌نجه له جیهاندا" ناوی ئه‌و کۆمه‌ڵه وڵاتانه‌ی بڵاو کردۆته‌وه که له‌به‌رامبه‌ر گیراوان و گومانلێکراواندا له ئه‌شکه‌نجه که‌ڵکوه‌رده‌گرن. ئێران، وه‌ک ره‌سمی هه‌میشه‌یی، نێوی له‌نێو ئه‌و کۆمه‌ڵه وڵاتانه‌دا هاتووه و وه‌ک یه‌کێک له پێشێلکه‌رانی مافه‌کانی مرۆڤ به‌تایبه‌ت له رێگای به‌کارهێنانی ئه‌شکه‌نجه‌وه ناسێنراوه.
له‌و هه‌واڵه‌دا، رێکخراوی ئاماژه‌پێکراو له‌سه‌ر هۆکاره‌کانی ئه‌شکه‌نجه‌ی گیراوان له‌لایه‌ن حکوومه‌ته‌کانیانه‌وه ده‌نووسێت: "به‌شێک له‌و حکوومه‌تانه به‌بیانووی شه‌ڕکردن له‌دژی تیرۆریزم پاساوی پێشێلکارییه‌کانیان ده‌ده‌نه‌وه. به‌شێکی دیکه‌ش دوژمنی نێوخۆیی به‌بیانوو دێننه‌وه."
به‌ڵام رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ هه‌مووی ئه‌و بیانووانه ره‌تده‌کاته‌وه و پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت که: "ئه‌شکه‌نجه ئاکامی ترس و تۆقاندنی درێژخایه‌نی به‌دواوه ده‌بێت، ژیانی گیراوان له‌نێو ده‌بات، هه‌ست و سۆز و به‌زه‌یی ئینسانی له لێکۆڵه‌ران دهستێنێتهوهو، هه‌ر وه‌ک ده‌شزانرێت، بێئهملا و ئه‌ولا له‌لایه‌ن پێوه‌ره په‌سندکراوه جیهانییه‌کانه‌وه قه‌ده‌خه‌کراوه."
ئاماژه‌کردن به ئێران، وه‌ک به‌کارهێنه‌ری ئه‌شکه‌نجه، له حاڵێکدایه که شۆرای چاودێری (شورای نگهبان)ی رێژیمی کۆماری ئیسلامی له 6 ی مانگی مای ساڵی 2004دا، یاسایه‌کی په‌سندکرد که به‌کارهێنانی ئه‌شکه‌نجه دژبه گیراوان له ئێران‌دا قه‌ده‌خه ده‌کات. به‌ڵام وادیاره ئه‌و یاسایه ته‌نیا جه‌وهه‌ری سه‌ر کاغه‌ز بووه و کاربه‌ده‌ستانی رێژیم به‌خه‌یاڵی خاوی خۆیان بۆ چاوبه‌ست کردنی بیروڕای گشتی و به‌هه‌ڵه‌دا بردنی رێکخراو و کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌کانی نێوخۆیی و جیهانی و له سه‌رووی هه‌موویانه‌وه رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ په‌سندیان کردووه نه‌ک له‌به‌ر نیازپاکی و بڕوای قووڵ و بته‌ویان به ئازادیی و سه‌روه‌ریی مرۆڤ و مافه سروشتی و بێئهملاو ئهولاکانی ئه‌وان که له بانگجاڕی جیهانیدا په‌سند کراون. بێناوه‌رۆک بوونی یاسای قه‌ده‌خه‌کردنی ئه‌شکه‌نجه له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه، له هه‌واڵی ئاماژه‌پێکراوی رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤدا زیاتر خۆی ده‌رده‌خات که ده‌ڵێت:
"بۆ سزادانی مخالفین له ئێران‌دا، له ئه‌شکه‌نجه و هه‌ڵسوکه‌وتی خراپ له گرتووخانه‌کاندا، له‌وانه گرتووخانه‌ی تاکه‌که‌سیی نادیار، به‌رده‌وام که‌ڵک وه‌رده‌گیرێت. ئه‌شکه‌نجه زۆر جاران له به‌ندیخانه نهێنی و نایاسایییهکاندا و له ناوه‌نده‌کانی لێپرسینه‌وه‌دا، که له‌لایه‌ن ده‌زگا ئیتلاعاتییه‌کانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن و به‌تایبه‌ت له دژی ئه‌و که‌سانه به‌کار هێنراون که به‌تاوانی به‌ئاشتیانه ده‌ربڕینی راوبۆچوونی سیاسیی خۆیان زیندانی کراون، جێبه‌جێ ده‌کرێت."
له درێژه‌ی هه‌واڵه‌که‌دا هاتووه:
" که‌ڵک وه‌رگرتن له گرتووخانه‌ی تاکه‌که‌سیی درێژخایهنو، زۆربه‌ی کات له تاکهسلوولیی بچووک له قاتی بنه‌وه‌ی گرتووخانه‌دا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یه که ئیراده‌ی گیراوان تێکبشکێنن و به‌زۆر دانیان به تاوانه‌کانیاندا پێبنێن و به‌م جۆره له‌سه‌ر هه‌ڤاڵ و هاوکاره‌کانیان زانیاری وه‌ده‌ست بخه‌ن. رێگه‌نه‌دان به گیراوان بۆ ده‌ست پێڕاگه‌ییشتن به پارێزه‌ر، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئیعترافه تۆمارکراوه‌کانی سه‌ر ویدیو، گرتووخانه‌ی تاکه‌که‌سیی درێژخایه‌ن که‌شێکی ئه‌وتۆ ده‌خوڵقێنێ که تیایدا گیراوان هیچ شوێنێک نابینن بۆ قه‌ره‌بوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و ره‌فتاره خراپانه‌ی له‌گه‌ڵیان کراوه، په‌نای بۆ به‌رن."
رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ له کۆتایی هه‌واڵه‌که‌یدا ئاماژه به ئه‌شکه‌نجه‌ی جه‌سته‌یی گیراوان ده‌کات و ده‌نووسێ:
"هه‌روه‌ها ئه‌شکه‌نجه و ئازاری جه‌سته‌یی توند، به‌تایبه‌ت له دژی خوێندکاره چالاکه‌کان و که‌سانی دیکه که وه‌ک نووسه‌ر و رووناکبیره ناسراوه‌کان، له نێو خه‌ڵکدا به‌رجه‌سته نین، به‌کار هێنراوه."
روون نیه که ئایا به‌کار هێنانی ئه‌شکه‌نجه دژ به گیراوان له ئێران‌دا، دژکرده‌وه‌ی وڵاتانی ده‌ره‌وه و به‌تایبه‌ت وڵاتانی ئورووپایی به‌دواوه ده‌بێت که له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا، له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌تی وتووێژی ره‌خنه‌گرانه ده‌چنه پێش و باشتر کردنی وه‌زعی مافه‌کانی مرۆڤیان له ئێران‌دا له به‌رنامه‌ی کار دایه، یان راست وه‌ک یاسای قه‌ده‌خه‌کردنی ئه‌شکه‌نجه له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه ئه‌م هه‌واڵه‌ش ده‌بێته جه‌وهه‌ری سه‌ر کاغه‌ز و پشتگوێ ده‌خرێت.
سه‌رچاوه:
رێکخراوی چاودێریی مافه‌کانی مرۆڤ